لەچوار میحوەرەوە پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامدا 

گەرمیان 

لەچوار میحوەرەوە بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش و تێکدانی موڵگە و حەشارگەکانیان، هێزی پێشمەرگە وسوپای عێراق ئۆپەراسێونێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا.

لە بەیانی ئەمڕۆو، لەسنوری نێوان شارۆچکەی خورماتوو و کفری و لەسنوری شارەدێی کۆکس و شارۆچکەی خانەقین،بەبەشداری ژمارەیەک لیوای پێشمەرگە و سوپای  عێراق و هێزە جیاجیاکانی عێراق کێۆماڵێک بۆ لەناوبردنی چەتەکانی داعش بەڕێوەچوو و لەهەندیک میحوەر بەردەوامی هەیە.

لەسنوری نێوان شارۆچکەی خورماتوو و کفری، بەبەشداری هێزی  پێشمەرگە وسوپای عێراق و حەشدی شەعبی وبەرپەرچدانەوەی خێرا، ئۆپەراسێون دەستی پیکردوو، بۆ گوندەکانی سنوری شارەدێی زنانەی سەر بەشارۆچکەی کفری  و تا ناوچەی قوڕی چایی نزیک لەکفری بەردەوامی هەبوو.

ئەو هێزانە لە سنوری شارەدییەکانی جەبارەو قەرەتەپەی سەر بەشارۆچکەی خانەقین، ئۆپەراسێونیان ئەنجامدا و لەسنوری شارەدێی کۆکس لیوای ٥ی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و دژە تیرۆری هەردوولا، لەگوندەکانی سەید مدری وعەلی خەلەف و گوندەکانی سنوری شارەدێی گوڵاڵە و ناوچەی شیخ باوە ئەنجامدا.

لەلایکی دیکەوە هێزەکانی لیوای ۳ی هێزی پێشمەرگە و لیوای ٥۳ی سوپای عێراق، لەناوچەکانی سنوری کانی ماسی و ڕۆژئاوایی شارۆچکەی خانەقین ئۆپەراسێونیان ئەنجامدا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، لەئۆپەراسێونە بەرفراوانەکەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، دوو بۆمبی چێنراوی چەتەکانی داعش لەنێوان کفری و خورماتوو پووچەڵکراوەتەوە و لەناوچەی شێخ باوەش، چەند هاوڵاتیک بۆ ماوەیەک دەستگیرکران و ئاگادارکراونەتەوە لەجموجۆڵیان .

عەمید دلیر شکور، فەرماندەی لیوای ۳ هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:  ئەم ئۆپەراسێونە بەرفراوانەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوای ئەو کۆبوونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دێت، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەئاستی باڵادا ئەنجامدرا.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئۆپەراسێونی ئەمجارە جیاواز بوو لە ئۆپەراسێونەکانی دیکەی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، کە تێدا لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی هەردوو لا بەراستەوخوی بەشداربوون ، لە چوار میحوەری جیاجیاوە.

هـ.ح

Comments are closed.